دوو منداڵ لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا

١١ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

هاتووچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، لەسەر ڕێگای کەلار بۆ باوەنور بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە) ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کۆرۆلا لەسەر ڕێگای کەلار ناحیەی باوەنور بەئاراستەی کەلار هاتووە لە گوندی بەردەسوری کۆن پاش ئەوەی کۆنترۆڵ لەدەستدەدات خۆی بەستونێکی ڕووناکیدا دەکێشێت.

ڕوونیشیکردەوە، بەهۆیەوە پێنج منداڵ و دوو ژن برینداربوون، دەستبەجێ بریندارەکان گەیەنرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار.

ئاشکراشیکرد، بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە دوو لە بریندارەکان کە منداڵن گیانیان لەدەستدا و دوو برینداری دیکە بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە ڕەوانەی سلێمانی کران.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەودوو منداڵەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان شەش ساڵ و هەشت ساڵە، لە لایەن تیمی هاتووچۆوە لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستیپێکردوە بەمەبەستی زانینی هۆکار وچۆنیەتی ڕووداوەکە.