شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین بەڕێوەیە

١١ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، رۆژی ھەینی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی ساردی جەمسەری باکورەوە کە سەرەتای شەپۆلەکە لە بەرەبەیانی ئەو رۆژەوە دەستپێدەکات و ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆڕێت بۆ ھەوری تەواو و بارانێکی پچڕ پچڕ دەستپێدەکات.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "رۆژی ھەینی 13/12/2024 پێشبینی دەکرێت ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی ساردی جەمسەری باکورەوە کە سەرەتای شەپۆلەکە لە بەرەبەیانی رۆژی ھەینیەوە دەستپێدەکات ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواوو بارانێکی پچر پچری رێژە کەم بۆ مامناوەندی لەگەڵدا ئەبێت".

نوسیویشیەتی: "لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویەکان لەبەرزی 1400 مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەرێژەی 5 تا 6 پلە شەپۆلی بەفر و بارانەکە ئێوارەی رۆژی ھەینی لەزۆربەی ناوچەکان کاریگەری نامێنێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "بۆ رۆژی شەمە 14/12/2024 پلەکانی گەرما بەڕاورد بە رۆژی ھەینی 3 تا 4 پلەی دیکە نزمدەبێتەوە و ئاسمان بە زۆری پەڵە ھەور بۆ نیمچە ھەور ئەبێت لەکاتەکانی پاش نیوەرۆ بەشێوەیەکی کاتی و کورتخایان بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی سۆران و ئیدارەی راپەرین و پارێزگای سلێمانی ئەبارێتەوە بەگشتی لە رۆژی شەمە لەبەرزی 1000 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە ئەگەری بارینی بەفر ئەبێت بەڵام رێژەکەی کەمە و ئێوارەی ھەمان رۆژ کۆتای پێدێت".

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە: "لەگەڵ زیادبوونی کاریگەری بارستە ھەوا ساردە جەمسەریەکە لە ئێوارەی رۆژی شەمەوە 14/12/2024 بای باکوری رۆژھەڵات بە بەھێزی چالاک ئەبێت لەسەر زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین بەخێرای 20کم تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە 60کم لە کاتژمێرێکدا کە بایەکی بەستوو و زۆر سارد ئەبێت پلەکانی گەرما لەشەوی شەمە لەسەر بەیانی رۆژی یەکشەمە نزمدەکاتەوە بۆ سفر و چەند پلەیەک بۆ خوار سفری سەدی".

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی دەشڵێت: "کاریگەری ئەم با بەھێزە تا نیوەرۆی رۆژی یەکشەمە 15/12/2024 بەردەوامی ئەبێت و دواتر خێرایەکەی کەم دەبێتەوە بۆ بایەکی مامناوەند ، وە لەماوەی رۆژانی یەکشەمە و دووشەمە کەش سەقامگیر ئەبێت و بەڵام شەپۆلی وشکە سەرماکە بەردەوامی ئەبێت و پلەی گەرمی لەو دوو رۆژەدا زیاتر نزمەبێتەوە و لەشەواندا لە زۆرینەی ناوچەکان سفر پلە تۆماردەکرێت لەناوچە شاخاویەکانیش تا زیاتر لە 10 پلە لەژێر سفر تۆمار دەکرێت".

رێژەی پێشبینیکراوی بەفر و باران لە ماوەی رۆژانی ھەینی و شەممەدا:

سنوری پارێزگای سلێمانی 5 - 15 ملیمەتر ، بەفر 3 - 18 سەنتیمەتر

سنوری پارێزگای ھەولێر 5 - 20 ملیمەتر ، بەفر 6 - 35 سەنتیمەتر

سنوری پارێزگای دھۆک 0 - 2 ملیمەتر ، بەفر 0 - 3 سەنتیمەتر

سنوری پارێزگای ھەڵەبجە 5 - 15 ملیمەتر ، بەفر 3 - 10 سەنتیمەتر

سنوری پارێزگای کەرکوک 4 - 10 ملیمەتر

ئیدارەی راپەرین 10 - 25 ملیمەتر ، بەفر 10 - 30 سەنتیمەتر

ئیدارەی سۆران 10 - 20 ملیمەتر ، بەفر 6 - 35 سەنتیمەتر

ئیدارەی گەرمیان 0 - 1 ملیمەتر