٨ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەشار حافز ئەل-ئەسەد لەدایکبووی 11ی ئەیلوولی 1965ـە، سیاسەتمەدارێکی سوورییە و هاوکات ئەفسەرێکی پێشووی سوپای ئەو وڵاتە بووە، لە تەمووزی ساڵی 2000ـەوە، تاوەکو لابردنی لە رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، نۆزدەیەمین سەرۆککۆماری سووریا بووە. هاوکات، سەرۆکی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سوریا و سکرتێری گشتیی فەرماندەیی ناوەندی حیزبی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبی بوو.
پێش گرتنەدەستی دەسەڵاتی سەرۆککۆمار لەلایەن بەشارەوە، حافز ئەل-ئەسەدی باوکی سەرۆککۆمار بوو، کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 1971 تا مردنی لە ساڵی 2000 بوو.
کەسایەتیی بەشار ئەسەد:
بە پێچەوانەی برا و خوشکەکانی، بەشار ئەسەد لە منداڵیدا کەسایەتییەکی بێدەنگ و لەسەرخۆی هەبوو و لەناو هاوڕێکانیدا، بە کەسێکی "قسە نەرم" وەسف دەکرا، بەجۆرێک، زۆرێک لە هاوڕێکانی باسیان لەوەکردووە، لە زانکۆ بە کەسێکی ترسنۆک ناسرابوو و خۆی لە چاو دوور دەخستەوە و بە دەنگێکی نزم قسەی دەکرد.
جگە لەمانەشی کە باس کران، بەشار گرنگیی بە سیاسەت و بواری سەربازی نەدەدا. بەجۆرێک بە وتەی خۆی، لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی باوکیدا، تەنیا یەک جار چووەتە ناو نووسینگەکەی باوکی.
لە پزیشکێکەوە بۆ ترۆپکی دەسەڵات:
ئەسەد لە دیمەشقی پایتەخت لەدایک بووە و گەورە بووە، لە ساڵی 1988 کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی دیمەشق-ی تەواوکردووە و وەک پزیشک لە سوپای سووریا دەستبەکاربووە. چوار ساڵ دواتر و لە ساڵی 1992، لە نەخۆشخانەی وێسترن ئای، لە لەندەن لەبواری پزیشکیی چاو کاری کردووە.
لە ساڵی 1994، دوای ئەوەی برا گەورەکەی، باسل ئەسەد لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستدا، ئەسەد چووە ناو ئەکادیمیای سەربازی و لە ساڵی 1998ـدا، بەرپرسی داگیرکردنی "لوبنانی سووریا"ـی گرتە ئەستۆ. لە 17ـی تەمووزی 2000، پاش مانگێک لە کۆچی دوایی حافز ئەسەدی باوکی، بەشار ئەسەد بووە سەرۆککۆمار.
هەڵبژاردنی بەشار ئەسەد بۆ سەرۆککۆمار:
دوای مردنی حافز ئەسەد-ی باوک، لە 10ـی حوزەیرانی 2000 دەستووری سوریا هەموارکرایەوە و کەمترین تەمەن بۆ سەرۆکایەتی لە 40 ساڵەوە بۆ 34 ساڵ کەمکرایەوە، کە ئەو کاتە تەمەنی بەشار بوو. ئەسەد وەک تاکە کاندید کێبڕکێی کرد و 97.29٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا و بووە سەرۆککۆمار.
لەو کاتەوە زنجیرەیەک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە سووریا ئەنجامدراوە و سەرجەمیان ئەسەد بە زۆرینەی دەنگەکان دەیبردەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە چاودێران ئەو هەڵبژاردنانەیان بە ساختە وەسف دەکرد، بەهۆی ئەوەی دوو هەڵبژاردنی پێشوو کە لە ساڵانی 2014 و 2021 بەڕێوەچوو، تەنیا لەو ناوچانە ئەنجامدرا کە لە کاتی شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکەدا لەژێر کۆنترۆڵی خودی بەشار ئەسەددا بوون.
تۆمەتەکان:
لە ساڵی 2011، ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و زۆرینەی ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەسەدیان کرد، ئەمەش بەهۆی سەرکوتکردنی توندی خۆپیشاندەرانی بەهاری عەرەبی. بەهۆی شەڕی ئەوکاتەی ناو سووریا، نزیکەی 580 هەزار کەس کوژران و برینداربوون. بەگوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سووریا-ش، ٪90ـی ئەو کوژراوەکان، بەهۆی تەقە و هێرشەکانی هێزەکانی سەر بە ئەسەد بووە، هاوکات کوشندەترین هێرشی کیمیایی-یش، هێرشی گازی سارین بوو لە غوتە لە 21ـی ئابی 2013 کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس.
لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2013، نەتەوە یەکگرتووەکان بەفەرمی بەشار ئەسەدی بە تاوانی ئەنجامدانی جەنگ تۆمەتبارکرد.
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکاریی چەند رێکخراوێک، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە حکومەتەکەی ئەسەد، بەرپرسیارە لە هێرشەکەی ساڵی 2017ـی خان شێخون سارین و هێرشە کیمیاییەکەی دوما لە ساڵی 2018 کە بەهۆیەوە سەدان کەس بوونە قوربانی.
لە مانگی حوزەیرانی 2014، پرۆژەی لێپرسینەوەی ئەمریکی لە سوریا ئەسەدی خستە لیستی تاوانەکانی جەنگەوە و ناردی بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لە ساڵی 2023، کەنەدا و هۆڵەندا سکاڵایەکی هاوبەشیان لە دادگای نێودەوڵەتی تۆمارکرد و حکومەتی ئەسەد-یان بە "پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجەدان" تۆمەتبارکرد.
لە 15ی تشرینی دووەمی 2023، فەڕەنسا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەشار ئەسەد دەرکرد بەتۆمەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراو لە دژی خەڵکی مەدەنی لە سوریا. بەڵام لای خۆیەوە، ئەسەد بەتەواوی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە هەوڵدان بۆ گۆڕین و نەهێشتنی دەسەڵاتەکەی.
کۆتایی دەسەڵات:
رۆژی 27-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەحمەد جۆلانی، هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەستپێکرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە؛ بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 08-12-2024، چوونە ناو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ئەسەد هێنا.