٣ كانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، “بەهۆی دواکەوتنی موچەی موچەخۆران ڕیارماندا بە دواخستنی وەرگرتنی پارەی خویندنی پاراڵێڵ و ئێواران لە خوێندکارانی زانکۆکان”.
ئەمشەو 3-12-2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: “لە گشتاندنێکدا کە بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوەو ئاراستەى گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە تیایدا هاتوە؛ بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و دۆخی دارایی قوتابیان/ خوێندکاران و داهاتی کەسوکار و خێزانەکانیان و دواکەوتنی موچەی موچەخۆران و شایستە داراییەکانیان، بڕیارماندا بە: دواخستنی وەرگرتنی پارەی خویندنی پاراڵێڵ و ئێواران لە خوێندکاران و قوتابیانى سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا کە بە پارالێل یاخود ئێواران لە زانکۆکان و دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەت دەخوێنن ”.
ئاشکراشیکرد: “پێویستە وەرگرتنی قستەکان بخرێتە مانگەکانی داهاتوی ساڵی ئایندە، بەپێی خشتەیەکی رێکخراو کە رەچاوی بارودۆخی داهات و دارایی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات”.