٣٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
کۆبوونەوەى شاندى پارتى و یەکێتى لە سلێمانى بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى هەرێمى کوردستان کۆتاییهات و بەگوێرەى ڕاگەیەنراوى کۆبوونەوەکە، هەردوولا ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان.
لە راگەیەندراوێکدا دەربارەی کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتی، ئاماژە بەوە کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسلێمانی بەڕێوەچوو، پێکەوە باسیان لەبابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە: "هەر بۆ ئەو مەبەستە هەردوو شاندى دانوستانکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی تریش".
سەبارەت بەدانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش کەبڕیارە 2ـى 12 بەڕێوەبچێت لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: "هەردوولا هاوڕابوون لەبارەی گرنگی بوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە".
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی، شاندێکى پارتى و یەکێتى کۆبوونەوە و شاندەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان پێکهاتبوون لە هوشیار زێباری، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب، ئومێد سەباح، شاندەکەى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانیش پێکهاتبوون لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، رێواز فایەق، رزگار حاجی حەمە، نزار ئامێدى.