٢٩ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، “سبەینێ قۆناغی کۆتایی سەرژمێری دەستپێدەکات کە بژمێرەکان سەردانی ماڵەکانتان دەکەنەوە بۆ وەرگرتنی وەڵامی زیاتر لە 70 پرسیار”.
ئەمڕۆ هەینی 29-11-2024، وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: “بەیانی رۆژی شەمە رێکەوتی 30-11-2024 قۆناغی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات و ئەم پرۆسیەش بۆماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت کەتیایدا بژمێرەکانمان سەردانی گشت خێزانەکان دەکەنەوە لەسەرانسەری هەرێم کوردستان بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆڕمی پرسیارنامەی خێزانەکان بۆ ئەو 77 پرسیارەی”.
ڕوونیشیکردەوە: “لە پرسیارنامەی باری دیموگرافی و باری کۆمەڵایەتی و ئابوری و پەروەردەی و تەندروستی و کارو بێکاری و نیشتەجێبوون و کۆچ و هۆیەکانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون وزانیاری کارتی نیشتمانی و فۆرمی خۆراک رۆژی لەدایک بوون ، ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون لەنێو خێزاندا لەلایەکی تریشەوە سەبارەت بە خزمەتگوزاریەکانی ئاوو کارەباو ئاوەڕوەو کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و بوونی پێویستیەکانی ناو ماڵ پرسیار لەتەواوی خێزانەکان دەکرێت جا شارنشین بن یاخود گوند نشین”.
جەختی لەوەشکردەوە: “بۆ ئەم مەبەستە داوا لەسەرجەم خێزانە بەرێزەکان دەکەین هاوشێویەی قۆناغەکانی پێشوو هاوکاری بژمێرەکانمان بن پێویستە بۆ وەڵامی پرسیارەکان کەسێکی بەر پرسی خێزانەکەیە لە ماڵ بێت بۆ وڵامدانەوەی کەلەکۆتایدا ئەبێتە مایەی پێشکەشکردنی خزمەتکردنێکی باشتر بۆ هەموان و هیوادارین هەموان هاوکاری تیمەکانمان بن لە پێناو سەر خستنی دوا قۆناغی پرۆسەی سەرژمێری”.
ئاشکراشیکرد: “سەبارەت بە هاوڵاتیانمان، لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم،ئەوانەی لەقۆناغی دووەم گەڕابوونەوە زێدی خۆیان پێویست دەکات بۆ قۆناغی کۆتایش یەک کەس لەئەندامانی خێزانەکانیان بگەڕێنەوە ناوەچەکانی خۆیان بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری بژمێرەکان بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت و دەرئەنجامی پرۆسەکەش بەشێوەیەکی دروست کۆتایی پێ بێت”.