عێراق کەوتە حاڵەتی ئامادە باشیەوە لە ئەگەری هەر هەوڵێکی سنوور بەزاندن

٢٩ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، “سەرجەم هێزەکانمان لە ئامادە باشیدان لە ئەگەری هەر هەوڵێکی بەزاندنی سنووری عێراق”.

یەحیا ڕەسووڵ وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “سەرجەم هێزەکانمان لە ئامادە باشیدان و سنووری سووریا بە باشی و تۆکمەتی پارێزراوە و هەر تیرۆریستێکیش هەوڵی بەزاندنی سنووری عێراق بدات ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە دەبێتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “پاراستنی تەواوی سنووری عێراق ئەولەویاتی ئێمە و بە تایبەتیش سنوورەکانمان لەگەڵ سووریای لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتیی سووریاوە توند و پتەوکراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “سەنگەرەکانی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە چەکی پێشکەوتوو پڕ چەک کراون و لە ئاسمانیشەوە بە درۆن چاودێری سنوورەکە دەکرێت”.

جەختی لەوەشکردەوە: “لە پشتی هێزەکانی پاسەوانی سنوورەکانەوە، هێزەکانی سوپای عێراقی هەن بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە و بەردەوامیش ئۆپەراسیۆنی چاودێری هەیە و سنوورەکان بە وردی پارێزراو و پتەوکراون”.

ڕوونیشیکردەوە: “جیا لەوەی دەمێکە سنوورەکان بە کامێرای پێشکەوتوو تەندراون، بەڵام دەزگا هەواڵگریی چاودێرییەکی وردی جموجووڵی تیرۆریستان دەکات، ئەگەر هەوڵی هێرشکردن یان دزەکردنە نێو خاکی عێراق بدەن، ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و بەهێز دەبنەوە”.

یەحیا ڕەسووڵ دەشڵێت: “لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبین و، ئۆپراسیۆنە جۆرییەکان و پێشوەختەکان لە ناوچە جیاوازەکان بۆ سەر حەشارگەی تیرۆریستان بەردەوام دەبن”.