٢٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بڕیاردراوە پشكی هەرێم لە نەوتی سپی لەلایەن عێراقەوە رەوانەبكرێت و بەمەش بارودۆخی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ بەرهەمی بەنزین باش ببێت تاوەكو بەشێك لە بەنزین بۆ هەرێمیش تەرخان بكرێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەغدا وەفدێكی هەرێم سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقیان كردووە لە كۆبوونەوەكەدا باس لە سێ بابەتی سەرەكی كران لەوانە دابەشكردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە نەوتی سپی كە بڕی 50 ملیۆن لیترە و تەرخانكردنی بەشێك لە بەنزینی نۆرماڵ بۆ هەرێمی كوردستان و هەژماركردنی لیتری قیاسی نەك قەبارەی سروشتی بۆ ناردنی بەشی هەرێم لە نەوتی سپی.
هەر لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بەشی هەرێم لە نەوتی سپی دەست بەجێ بنێردرێت و چاوەڕوان دەكرێت بارودۆخی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بۆ بەرهەمی بەنزین باش بێت تاوەكو بەشێك لە بەنزین بۆ هەرێم تەرخان بكرێت.