٢٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی مەکۆی نوێی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و هەردوولا لەسەر قۆناغی دوای هەڵبژاردن کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تاوتوێی پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بەگشتی و ئامادەکارییەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دوای كۆبوونەوەكە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەڵام وەک ئۆپۆزسیۆن بەشداری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و لە ئێستاشدا بڕیاری کشانەوەیان داوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: "دەمانەوێت لەڕێگەی ئەزموونی پێشتر وەک ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک و کاریگەر کاربکەین و گرفتەکان بخەینەڕوو بۆ ئەوەی باشتر داواکارییەکانی خەڵک بگەیەنین، هەروەها داوامان لە لایەنە باڵا دەستەکان کردووە لەسەر ستراتیژێکی نیشتیمانی کوردستانی دانوستان بکەن".