بارسێلۆنا ئۆفەری نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ هەڵدەوەشێنێتەوە

٢٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیسپانیا سوپرایزێکی گەورەی ئیدارەی بارسێلۆنا سەبارەت بە فرێنکی دی یۆنگی یاریزانی هۆڵەندی ئاشکرا کردووە.

ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاندووە، دی یۆنگ لەلایەن هانسی فلیکی ڕاهێنەرەوە بە یاریزانێکی زۆر گرنگ دادەنرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بۆ ئەم وەرزە، ئەویش بەدەستهێنانی نازناوەکانە بەتایبەت خولی ئیسپانیا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵام بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە شتەکان گۆڕاون، یانەکە چیتر ئەو ئۆفەرە لەبەرچاو ناگرێت کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا پێشکەشی کرد یاریزانەکەش ڕەتیکردەوە، ئێستا بارسێلۆنا چووەتە قۆناغێکەوە ئۆفەرەکەی پێشوو کشاندووەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، یانەکە پلانی هەیە لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا بارودۆخی دی یۆنگ هەڵبسەنگێنێت ئەگەر پێش ئەوە هیچ پێشهاتێک ڕوونەدات، چونکە ئەوکاتە تەنها یەک ساڵ دەمێنێتەوە تا گرێبەستەکەی تەواو دەبێت، بەڵام ئەگەر ئۆفەری نوێ پێشکەش بکرێت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دی یۆنگ، ئەوا لە سفرەوە دەست پێدەکرێت، چونکە ئۆفەری پێشووتر وەستاوە.

لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا بارسێلۆنا ئۆفەرێکی پێشکەشکرد بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە جگە لە گرێبەستەکەی ئێستای کە لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت.