٢٥ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی قەدەغەی هاتووچۆدا لە دوو کۆگای کەلوپەلی خواردەمەنی، بڕی (41) ملیۆن دیناری عێراقی لەگەڵ (6700) دۆلاری ئەمریکی دزراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراێکدا ڕایگەیاند، دوو تۆمەتباری بەناوەکانی (ع. ک. ج) و (م. ف. ع) لە شاری هەولێر دەستگیرکران، کە لە دوو تاوانی جیا و لە دوو کۆگای کەلوپەلی خواردەمەنی، بڕی (41) ملیۆن دیناری عێراقی لەگەڵ (6700) دۆلاری ئەمریکی دزیبوو.
ئاشکراشیکرد، تۆمەتباران لە ڕۆژی پشووی سەرژمێریدا تاوانەکەیان ئەنجام داوە و چۆڵیی شەقامەکانیان بە دەرفەت زانیبوو بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە.
ڕوونیشیکردەوە، پاش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی چڕ و پلانێکی ئەمنیی تۆکمە لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان دەستگیر کران، کە دانیان نا بە تاوانەکەیاندا.
باسی لەوەشکرد، بە بەکارهێنانی ماسک و چەندین کەلوپەل و ئامێری دیکە دزییەکانیان ئەنجام داوە، بۆیە بە بڕیاری بەڕێز ڕاگیران و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.