ترەمپ هەڕەشە لە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی دەکات

٢٣ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتی دەكات و پشتگیریی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەكات.

دوای یاداشتەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیركردنی بێنیامین ناتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پشتگیریی خۆی بۆ ناتانیاهو و گالانت راگەیاند.

بەهۆی ئەوەی ئەو داوەرەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهو دەرکردووە بە رەگەز بەریتانییە، ترەمپ دەڵێت، ئەو بابەتە دەستی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیای تێدایە و بیر لەوەدەكاتەوە ئەو دادوەرە سزابدات.

مایك ڤاڵز، ڕاوێژكاری ترەمپ بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا دەڵێت، ئەو دادگایە بەها و متمانەی نێودەوڵەتیی نییە و بڕیاریان داوە سزایەكی توندی بدەن لەسەر سیاسەتەكانی دژی ئیسرائیل و جووەکان.