٢٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند، بەهۆی نەبوونی دەوامی فەرمانگەکان تا چوار ڕۆژی دیکە پێدانی کارەبای 17 کاتژمێری بەردەوام دەبێت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حکومەتی کاربەڕێکەر لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، لە هەردوو رۆژی پشووی سەرژمێری تاوەکو رۆژی یەكشەممەی داهاتوو 17 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییان دەدرێت.
ڕوونیشیکردەوە، تیمەکانی کارەبا لە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردن و كۆنترۆڵی كارەبا بە بەرنامەیەكی تایبەتەوە ئەم بڕە كارەبایە بۆ هاونیشتمانییان دابیندەكەن.
ئەوەشی خستەڕوو، تیمەكانی چاككردنەوەی كارەبا بۆ چارەسەرکردنی هەر جۆرە گرفتێک بە شێوەی ئیشكگری لە دەوام دەبن و بۆ خزمەتکردنی هاوبەشانی کارەبا لەسەر هێڵ دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئێستادا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.