٢٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەرکانی سوپا سەردانی بارەگای پرۆسەكانی فیرقەی حەوتی پیادەی كردووە لە قائیم لە خۆرئاوای عێراق.
وەزارەتی بەرگری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ، عەبدولئەمیر رەشد یارەڵا، سەرۆكی ئەركانی سوپا، بە یاوەری فەرماندەی هێزی پیادەو یاردیدەری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی، بۆ كاری نۆڕین لە پشتێنەی سنوری قائیمەوە بۆ شەنگال، سەردانی بارەگای پرۆسەكانی فیرقەی حەوتی پیادەی كردووە لە قائیم لە خۆرئاوای عێراق.
شەوی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمیانی سەرۆكایەتیكردنی كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزارەی ئاسایشی نیشتمانی، فەرمانیكرد بە سەرجەم دەزگا ئەمنیەكان بە رێگەگرتن و راوەدونانی هەر چالاكییەكی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی كۆنتڕۆڵی دەوڵەت.
ئەوەش دوای هەڕەشەكانی ئیسرائیل لە عێراق.
لە چوارچێوەی راسپاردەكانی سودانیدا، توندوتۆڵكردنی سنورەكانی خۆرئاوای عێراقە، لەڕێی چڕكردنەوەی چالاكییەكان و بڵاوبونەوەی خێراو، دانانی پلانی پێویست و كاركردن بۆ زامنكردنی قوڵایی ئەمنیی.