١٩ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، بە بڕیاری دادوەر باوکی ئەو دوو خوشکەی لە شاری سلێمانی کوژران دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 19-11-2024، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو دۆسیە بەردەواممە و لێکۆڵینەوەکان سەرەتایین و ناتوانن زانیاری وردتر بخەنە ڕوو، هاوکات خەڵک لەسەر ئەو دۆسیە گیراوە.
ڕوونیشیکردەوە، برای دوو کچە کوژراوەکە کە گوایە خۆی کوشتووە ئەو زانیارییانە دوورن لە راستییەوە و تۆمەتبار خۆی نەکوشتووە و هەڵهاتووە و هێزەکانی پۆلیس بەدوایەوەن بۆ دەستگیرکردنی.
ئاشکراشیکرد، برای دوو کچە کوژراوەکە لە دەرەوەی سلێمانییە و بە دیاریکراوی ناتوانن شوێنەکە ئاشکرا بکەن، لەسەر دۆسیەکە بە بڕیاری دادوەر باوکی کچە کوژراوەکان دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە، لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتبار دەستگیردەکرێت و دەدرێت بە دادگا.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی پێشووتر دوو خوشک بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی کوژران، پۆلیسی سلێمانیش تۆمەتباری سەرەکی کە براکەیانە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە دەستگیری بکات.