١٩ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
وەزیری بە وەكالەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پێشبینی دەکات، سەرەتای ساڵی داهاتوو، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، كەمال محەمەد، وەزیری بە وەكالەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا، مانگانە زیاتر لە یەك ملیار دۆلار و تا ئێستاش نزیكەی 20 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی عێراق گەیشتووە".
ئاماژەی بەوەش كرد: "لە ماوەی ڕابردوودا وەك حكومەتی هەرێم چەندین ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ئیمزا كرد بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، بەڵام خاڵێكی ناو یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی بە شەش دۆلار لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دیاری كردووە، ڕێگر بووە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان و هەناردەكردنەوەی نەوت".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "هەولێر و بەغدا لەسەر هەمواركردنەوەی ئەو خاڵەی ناو یاسای بودجە و زیادكردنی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ نزیكەی 20.6 دۆلار ڕێككەوتوون و لە قۆناغی یەكەمدا نزیكەی 16 دۆلار بۆ كۆمپانیاكان خەرج دەكرێت".
کەمال محەمەد لەبارەی قۆناغی دووەمەوە دەڵێت: "لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ڕێككەوتووین، دوای هەمواركردنەوەی ئەو خاڵەی یاسای بودجە، كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریكردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت بكات و ماوەی 60 ڕۆژ مۆڵەت بە كۆمپانیاكە دەدرێت ئەو بڕە ڕاستەقینە دیاری بكات".
وەزیری بە وەكالەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پێشبینیش دەکات، تا كۆتایی ئەمساڵ هەمواری یاساكە پەسەند بكرێت، ئامادەكارییەكان تەواو ببن و سەرەتای ساڵی داهاتوو، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.