١٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
رۆژنامەی تایمز ڕایگەیاند، حكومەتی بەریتانیا دانوستانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی دەستپێكردووە، بۆ پێدانی پارە پێیان بە ئامانجی كەمكردنەوەی رۆیشتنی كۆچبەران.
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، حكومەتی بەریتانیا دانوستانی لەگەڵ توركیا و ڤێتنام و بەرپرسانی هەرێمی كوردستانی عێراق دەستپێكردووە، بۆ پێدانی پارە پێیان بە ئامانجی كەمكردنەوەی رۆیشتنی كۆچبەران بەرەو بەریتانیا.
ئاشکراشیکرد، ئیڤێت كوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ژمارەیەك حكومەت، لەنێویاندا حكومەتی كوردستان و توركیا و ڤێتنام، گفتوگۆکانیش سەبارەت بە هاوكاری و رێككەوتنی ئەمنییە، بە ئەگەری زۆرەوە پێش کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بە گفتوگۆکان دەهێنرێن.
لەلایەکی دیکەوە، كەیر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كاتی رۆیشتنی بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی 20 لە بەرازیل راگەیاند، كارێكی دروستە بۆ بەریتانیا كە خەڵك لە جێهێشتنی وڵاتەكانیان پەشیمان بكاتەوە چونكە هەندێكجار بۆ پەڕینەوەیان لە كەناڵی ئینگلیز ژیانی خۆیان دەكەنە مەترسیەوە.