١٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
ڕۆژنامەی "مەعاریف" ڕایگەیاند، هەر جۆرە گرژیەک کە لە لایەن عێراقەوە بێت، ئیسرائیل پلانی داناوە هێرش بکاتە سەر ژێرخان و دامەزراوەکانی گرووپەکان.
ڕۆژنامەی "مەعاریف"ـی ئیسرائیلی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، هەر جۆرە گرژیەک کە لە لایەن عێراقەوە بێت، ئیسرائیل پلانی داناوە هێرش بکاتە سەر ژێرخان و دامەزراوەکانی گرووپەکان، دواتر سەرنج دەخاتە سەر کوشتنی کەسایەتییەکانی ناو میلیشیاکانی نزیک لە ئێران.
ڕۆژنامەکە بە پشت بەستن بە بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمەریکا ئاشکرایکرد، ڕەنگە ئێران لایەنگرەکانی لە عێراق زیاد بکات، ئەمەش وەکوو وەڵامێک بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان و غەززە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ترسی ئەوە هەیە ئێران پێشتر موشەکی بالیستی کورتمەودای هێنابێتە ناو عێراقەوە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕایانگەیاند، "بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی گرنگ لە ئیلات"، هاوکات سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، مووشەکێک لە ئیلات کەوتووەتە خوارەوە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاراستە کرابوو.