دەرماڵە دەدرێت بە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان؟

١٦ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی دا لەسەر خەرج كردنی پارەی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان.

ئەمڕۆ شەممە 16-11-2024، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی کاربەڕێکەر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، دوای ناردنی نووسراو بۆ خەرجکردنی پارە بۆ دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ بۆ وەزارەتی دارایی، وەزارەتەکە ڕەزامەندیی دەربڕی.

ئاشکراشیکرد، بڕی ئەو پارەیەی خوێندنی باڵا داوایکردووە، حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینارە و بڕیارە 5 ملیاری بۆ دەرماڵەی خوێندکاران خەرج بکرێت و ئەوەی دیکەشی بۆ چاکسازی لە زانکۆ و بەشە نێوخۆییەکان و پاڵپشتی دارایی خوێندکاران دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ماوەتەوە ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بدات، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە.

خوێندکارانی ناو شار مانگانە 40 هەزار دینار و دەرەوەی شاریش 60 هەزار دیناریان وەک پاڵپشتی دارایی دەرماڵە پێدەدرێت.