١٦ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
دوای ئەوەی بەدرێژایی ژیانی وەرزشی چەندین دەستکەوتی بەدەستهێنا، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی باسی لە وادەی وازهێنانی کرد بۆ هەمیشەیی لە یاری تۆپی پێ.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەی نێوان پورتوگال و پۆڵەندا پرسیار لە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کرا کەی واز لە یاری تۆپی پێ دەهێنێت، وەڵامی ئەمجارەش تاڕادەیەک ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ بوو، بەو پێیەی یاریزانەکە وادەیەکی نزیکی بۆ ڕوودانی ئەمە دیاریکرد و وتی: "تەنها دەمەوێت کاتێکی خۆش بەسەر بەرم، بەڵام پلانم هەیە کە وازبێنم، لەماوەی ساڵێک یان دوو ساڵدا، جارێ بە تەواوی نازانم".
ئاماژەی بەوەشکرد: "بەم زووانە تەمەنم دەگاتە چل ساڵ، دەمەوێت کاتێکی خۆش بەسەر بەرم و تا ئەو کاتەی هەست بە پاڵنەر دەکەم بەردەوام دەبم، ئەو ڕۆژە وازدەهێنم کە چیتر هەست بە پاڵنەر ناکەم".
ڕۆناڵدۆ لەم وەرزەدا ئاستێکی نایابی پێشکەش دەکات، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال، هەروەها لەگەڵ یانەکەی نەسری سعودی، لەماوەی وەرزەی 2024/2025.