لە سەرژمێریدا هەڵەبجە وەک قەزا هەژمار کراوە

١٤ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیدا، پارێزگای هەڵەبجە وەک قەزا هەژمارکراوە. دەشڵێت: "ئەمە کارێکی ناڕاستە و بەو مانایە دێت کە حکومەتی فیدراڵ دان بە پارێزگای هەڵەبجەدا نانێت".

کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "10 ساڵە هەڵەبجە بڕیاری بەپارێزگابوونی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دراوە، کەچی بۆ سەرژمێری، مامەڵەی قەزا لەگەڵ پارێزگاکەدا دەکرێت".

وتیشی: "ئەمە کارێکی ناڕاستە و بەو مانایە دێت کە حکومەتی فیدراڵ دان بە پارێزگای هەڵەبجەدا نانێت".

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە باسی لەوەشکرد: "وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامار کەمتەرخەمن و نەدەبوایە رازی بن، چونکە هەڵەبجە چەند ساڵێکە وەکو پارێزگا هەژمار دەکرێت، کۆدی خۆراکیی تایبەت بە خۆی هەیە، تابلۆی ئۆتۆمبێلی خۆی هەیە و چەندین شتی دیکەی هەیە".

کاوە عەلی راشیگەیاند: "نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانان کردووە، کە پێویستە هەڵەبجە وەکو پارێزگا یاخود هیچ نەبێت وەکو بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە هێشتا کات ماوە".

بڕیارە رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش، لەو دوو رۆژەدا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە.