١٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، سبەینێ ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە بروسکەی بەھێز دەبێت و لە لوتکەی چیا بەرزە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10-11-2024، ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، کاریگەری ناجێگیری کەش لەسەر ناوچەکانمان زیاتر دەبێت کە لە ئەنجامی بارستە ھەوایەکی ساردی ناوچەکانی باکور و کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوورە لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە کاتەکانی نێوان بەیانی بۆ نیوەرۆ ئاسمانی ھەرێم ھەوری تەواو دەبێت.
ڕوونیشیکردەوە، لەگەڵ بارینی بارانی رێژە کەم بۆ مامناوەندی پچر پچر لە زۆربەی شوێنەکان و لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و باشور و باشوری رۆژھەڵاتی پارێزگای کەرکوک ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە بروسکەی بەھێز دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتەکانی دواینیوەرۆدا ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و کاریگەری حاڵەتەکە لاواز دەبێت و تەنھا لە ھەندێ شوێندا بە دیاری نەکراوی بڕێک باران و ھەورە بروسکە چالاک دەبێتەوە و کاتەکانی سبەی ئێوارە کۆتای پێدێت".
ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما (3 تا 5) پلە بەراورد بە ئەمڕۆ نزمدەبێتەوە و لە لوتکەی چیا بەرزەکانی ناوچە سنورییەکانیش لە بەرزی زیاتر لە 2500مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەفر دەبارێت.