بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی: کامێراکانی هاتووچۆ وێنەی ئەو شۆفێرانە دەگرن کە موبایل بەکار دەهێنن

١٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

عەمید ئاسۆ محەمەد ڕایگەیاند، کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی وێنەی ئەو شۆفێرانەش دەگرن کە مۆبایل بەکاردەهێنن و پشتێنی سەلامەتی نابەستن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10-11-2024، عەمید ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئێستا کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی سەر رێگای سلێمانی- چەمچەماڵ کارکردن تێیاندا تەواو بووە و ئامادەن، تەنیا چاوەڕوانی لیژنەیەکن لە وەزارەتی ناوخۆوە سەردانیان بکەن و بخرێنەکار.

ئاماژەی بەوەشکرد، کامێراکان لە رێگەی ئەو لیژنەیەی وەزارەتی ناوخۆ دەخرێنەکار و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێت.

ئاشکراشیکرد، کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی وێنەی ئەو شۆفێرانەش دەگرن کە مۆبایل بەکاردەهێنن و پشتێنی سەلامەتی نابەستن، بەڵام تا ئێستا هیچ سزایەکیان لەسەر دانەناوە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جەختی لەوەشکردەوە، لە سلێمانی تەنیا لە رێگەی مەفرەزەکانەوە لێپێچینەوە دەکەن و سزای ئەو شۆفێرانە دەدەن کە مۆبایل بەکاردەهێنن و پشتێنی سەلامەتی نابەستن.