شارەزایەکی کەشناسی: تاوەبارانی بەخوڕ دەستپێدەکات و هەورەبروسکەی لەگەڵ دەبێت

١٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی دووشەممە، لە کاتەکانی نێوان بەیانی بۆ نیوەڕۆ ئاسمانی ھەرێم ھەوری تەواو دەبێت و لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و باشور و باشوری رۆژھەڵاتی پارێزگای کەرکوک ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە بروسکەی بەھێز دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "سبەی دووشەمە 11/11/2024 کاریگەری ناجێگیری کەش لەسەر ناوچەکانمان زیاتر ئەبێت کە لە ئەنجامی بارستە ھەوایەکی ساردی ناوچەکانی باکور و کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوورە لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە کاتەکانی نێوان بەیانی بۆ نیوەرۆ ئاسمانی ھەرێم ھەوری تەواو ئەبێت لەگەڵ بارینی بارانی رێژە کەم بۆ مامناوەندی پچر پچر لە زۆربەی شوێنەکان و لەناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و باشور و باشوری رۆژھەڵاتی پارێزگای کەرکوک ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە بروسکەی بەھێز ئەبێت".

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە: "لە کاتەکانی دوای نیوەرۆدا ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و کاریگەری حاڵەتەکە لاواز ئەبێت و تەنھا لەھەندێ شوێندا بەدیاری نەکراوی بڕێک باران و ھەورە بروسکە چالاک ئەبێتەوە و کاتەکانی سبەی ئێوارە کۆتای پێدێت".

لەبارەی پلەکانی گەرماوە، ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینی دەکات: "پلەکانی گەرما بەرێژەی 3 تا 5 پلە بەراورد بە ئەمڕۆ نزمدەبێتەوە لە لوتکەی چیا بەرزەکانی ناوچە سنوریەکان لەبەرزی زیاتر لە 2500 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەفر ئەبارێت".

رێژەی بارانی پێشبینیکراو بە ملم بۆ سبەی دووشەمە:

پارێزگای سلێمانی 10 - 25 ملم

پارێزگای ھەولێر 3 - 7 ملم

پارێزگای دھۆک 3 - 9 ملم

پارێزگای ھەڵەبجە 5 - 10 ملم

پارێزگای کەرکوک 6 - 15 ملم

ئیدارەی گەرمیان 1 - 6 ملم

ئیدارەی راپەرین 10 - 20 ملم

ئیدارەی سۆران 10 - 20 ملم