سودانی دێتە هەولێر و سلێمانی

١٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەردانی هەرێمی كوردستان بکات و دۆسیەی نەوت و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم.

میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوە حكومییەكانەوە بڵاویانكردووەتەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرەتای سەردانەکەی بۆ شاری هەولێر دەبێت، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان كۆدەبێتەوە و دواتر سەردانی شاری سلێمانی دەكات.

لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری ماددەی (12)ی لە پرۆژە یاسای بودجەی سێ‌ ساڵی عێراق پەسەندكرد، كە تایبەتە بە دیاریكردنی نرخی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كە ببووە ئاستەنگی سەرەكیی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، ئەمە یەكێك دەبێت لە تەوەرەكانی باسی سودانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان.

لە سەردانەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی تاوتوێ دەکات و هەوڵی هێوركردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دووحزبە و تێپەڕاندنی قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن دەدات لەپێناو دەستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم.