وادەی دابەشکردنی هەشتەم بەشەخۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا ئاشکرابوو

٩ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی سەبەتەی هەشتەمی خۆراک دەکرێت، دەشڵێت؛ لیستی بریکاری مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دابەشدەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 9-11-2024، بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم بریکارەکانی خۆراکی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین کە ئامادەباشی بکەن و دوکانەکانیان خاوێن بکەنەوە، لەبەر ئەوەی لەم هەفتەیەدا دەست بە وەرگرتنی پارەی لیستی بریکارەکان بەپێی بڵاوکردنەوەی بنکەکان دەکرێت.

ڕوونیشیکردەوە، لە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشـە خۆراکی سەبەتەی هەشتەمی ئەمساڵ لەسەر لیستی بریکاری مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دابەشدەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشە خۆراک ئەم مانگە لە چوار بابەت پێکهاتووە کە بریتین لە شەکر یەک کیلۆگرام، برنج سێ کیلۆگرام، نیسک یەک کیلۆگرام، زەیت یەک لیتر (یەک دەبە).

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆشاوی تەماتە بە هاوڵاتییان نادرێت، لەبەر ئەوەی پێشتر لە مانگێک دوو بەشە دۆشاوی تەماتە دابەشکرا بوو، پێشکەشکردنی پارەی لیستی بریکارەکان تەنها لە ڕێگای ڤیزا کارتی بانکی (جنوب ئیسلامی) دەبێت، کە ڤیزاکارتێکی زۆری ئەو بانکە دەرچووە و لە هۆبەی کارمەندانی بانکەکە ئامادەکراوە تا بریکارەکان سەردانیان بکەن و پێیان بدرێتەوە.

ئاشکراشیکرد، بریکار دەبێت سەرەتا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پسوڵەی خۆراک بکات و پسوڵەی پێنج هەزاری ببڕێت پاشان پارەی لیستی بریکاری بدات.