٩ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، توانیویانه هۆكارى سهرهكیى توشبوونى خهڵكى دهڤهرى شارهزوور بە سكچوون و ڕشانهوه بدۆزنهوه، هاوکات وتهبێژى وهزارهتهكە دهڵێت: "ڕێژهى توشبوون كهمیكردووه، بهڵام هێشتا مهترسى ماوە".
سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە لێدوانێکدا وتی، لە چوارشەممەی ڕابردووەوە تاوەکو کاتژمێر 12ى نیوەڕۆی دوێنێ هەینی نزیکەی دوو هەزار و 200 کەس لە شارۆچکەی شارەزوور توشی سکچوون و ڕشانەوە بوون.
دڵنیاییش دهدات: "هیچ یەکێک لەو حاڵەتانەی تۆمارکراون مەترسیدار نەبوون و هیچ کەسێک بەوهۆیەوە گیانی لەدەستنەداوە، بەشێکی توشبووان پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە نەبووە، زۆرینەشیان دوای یەک دوو کاتژمێر مانەوە و وەرگرتنی چارەی پزیشکی لە نەخۆشخانە، گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان".
وتهبێژهكهى وهزارهتى تهندروستى ئاشكراشیکردووە، لە دوێنێ هەینییەوە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی لە شارەزوور توشی سکچوون و ڕشانەوە بوون، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
سەرکار سورچی وتیشی: "ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنەیەی وەزارەتی تەندروستیی بۆ بەدواداچوون بۆ هۆی توشبوونی هاوڵاتییان بەو نەخۆشییە پێکیهێنابوو، دەریانخستووە، هۆی سەرەکیی توشبوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاوڵاتییانی شارەزوور بە سکچوون و ڕشانەوە ئاوی پیسی ماڵان بووە، دوای دەستنیشانکردنی سەرچاوەی نەخۆشییەکە، هۆشداریی تەندروستی دراوەتە هاوڵاتییانی شارەزوور و دەوروبەری و نزیکین لەوەی بەتەواوی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بکەین".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتییانی شارەزوور و دەوروبەری دهكات، تا ئەو کاتەی دۆخەکە کۆنترۆڵدەکرێت، ئاوی تانکیی ماڵان بەکارنەهێنرێت بۆ ئەوەی توشی سکچوون و ڕشانەوە نەبن، ئەگەر بەکاریشیان هێنا، پێویستە سەرەتا بیکوڵێنن.