لە شارەزوور حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە 1500 کەسی تێپەڕاند

٨ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند، لە قەزای شارەزوور حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە زیاتر لە 1500 کەسی تێپەڕاند، دەشڵێت؛ هۆکارەی زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە تێکەڵبوونی ئاوەڕۆیە لەگەڵ ئاوی خواردنەوە.

ئەمڕۆ هەینی 8-11-2024، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەدەڤەری شارەزوور، 1560 کەس بەهۆی سکچوون و ڕشانەوەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و تیمەکانمان لێکۆڵینەوەیان لەوبارەوە دەست پێ کرد هەم لە نەخۆشخانەکان و هەم لە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە، هەروەها پشکینەکان ماوەی 24 تا 48 کاتژمێری پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی جۆری بەکتریاکە.

ئاشکراشیکرد، ئەوەی لە هەڵەبجەی تازە ڕوویداوە، ئێمە بۆچوونەکانمان ڕاست دەرچوو، کە یەکێک لە هۆکارەکان، تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ بووە لەگەڵ ئاوی خواردنەوە، لە سەر ڕووباری “بێستان سوور”، کە پرۆژەی ئاوی پاک دابین دەکات.

جەختی لەوەشکردەوە، جێگای خۆشحاڵییە کە حاڵەتەکانی تووشبوون باری سووک و مامناوەند بووە، هیچ حاڵەتێکی قورس نەبووە، تەنیا یەک منداڵ گوستراوەتەوە سلێمانی، تووشبووەکانیش لەتەمەنە جیاوازەکان بوون و بەشی زۆریشیان چوونەتە ماڵەوە.