وەزارەتی تەندروستی لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای سکچون و ڕشانەوە لە شارەزوور هاتە دەنگ

٧ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، “لە قەزای شارەزوور لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی توشی سکچونێکی کتووپڕ بوون”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-11-2024، د. سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی قەزای شارەزور توشی سکچونێکی کتووپڕ بوون و وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، راسپاردوە لێکۆڵینەوە لە حاڵەتەکان بکەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “هۆکاری ئەو ژمارە زۆرە لە نەخۆشی سکچون دەستنیشان بکەن، دوای تەواوبوونی کارەکانی لیژنەکە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە بۆ هاوڵاتیان دەخەینەڕوو".

باسی لەوەشکرد: "پزیشکی پسپۆڕ و پێداویستی تایبەت رەوانەی قەزای شارەزور کراون بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، تا ئێستا دیار نییە ژمارەی توشبوان چەندە، زۆربەی توشبوەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەڕاونەتەوە ماڵەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "نزیکەی 20 بۆ 25 نەخۆش لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزور ماونەتەوە".