ئەمڕۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا یەکلایدەکرێتەوە

٥ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی گشتی بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

گرنگی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا و هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمـەریکا لەم ڕاپۆرتەدا دەخرێتەڕوو..

دەسەڵاتەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەپێی دەستور دابەشکراوە، لە نێوان سەرۆکی ئەمەریکا کە سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران کە پێیان دەووترێت کۆنگرێس، کە دەسەڵاتی یاسادانان ناسراون، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری کە دادگای باڵا و دادگا فیدراڵیەەکانی دیکە دەگرێتەوە.

سیستمی دەسەڵاتی کۆماری

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی سیستەمێکی کۆماری فیدڕاڵی بەڕێوەدەبرێت، کە سەرۆکی ئەمەریکا لەسەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، سەرۆکی ئەمەریکا بە بەراورد بەگەلێک لە سیستەمە دیموکراسیەکانی دیکەی ڕۆژئاوا دەسەڵاتەکانی تا ڕادەیەک زۆر و جیاوازە هەر لەم سۆنگەیەوە ئەم سیستەمە دیمکراسەی ئەمریکا چەند خەسڵەتی تایبەت بە خۆی هەیە کە لە هیچ کام لە سیستەمە دیموکراسیەکانی دیکەی دونیا بەدی ناکرێت، ڕاستە سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی زۆرە بەڵام دەسەڵاتی ڕەها نیە و دەسەڵاتە زۆرەکان لەلای کۆنگرێسە،

گرنگی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا

گرنگی پێگەی سیاسی و ئابوری و سەربازی ئەمەریکا لە جیهان پترە، 100 ساڵە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بە یەکێک لە گرنگرترین پۆستە سیاسیەکانی جیهان دادەنرێت، هەر لەبەر ئەوەیە هەموو جیهان ئێستا لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەکات و گرنگی پێ دەدات.

دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە بەندی دووەمی دەستوری ئەمەریکا بەم شێوەیە:

1- سەرۆکی ئەمەریکا سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و سەرۆکی حکومەتی فیدرالیە کە خاوەنی گەورەترین بودجەیە لە جیهان، بودجەی ساڵانەی حکومەتی فیدرالی پترە لە 6 ترلیۆن دۆلار، ئابوری ئەمەریکا قەبارەکەی لەساڵی 2023 نزیکەی 27 ترلیۆن دۆلار بووە، بۆ زانیاریتان یەک ترلیۆن دۆلار یەکسانە بە 1000 ملیار دۆلار، ئەمەریکا خاوەنی گەورەترین ئابوریە لە جیهان، لەساڵی 2024 ئابوریەکەی نزیکەی 26% ی هەموو ئابوری جیهان بووە، بۆ بەراوردیکردن ووڵاتی چین کە خاوەنی دووەم ئابوریە لە جیهان و ئابوریەکەی ڕێژەی 18% ی هەموو ئابوری جیهان پێکدەهێنێت.

2-سەرۆکی ئەمەریکا فەرماندەی گشتی گەورەترین و بەهێزترین هێزی سەربازیە لە جیهان، هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لەئێستادا لە 6 بەشی سەرەکی پێک دێن و بریتین لە: لەشکر، هێزەکانی مارینز، هێزی دەریاوانی، هێزی ئاسمانی، هێزی بۆشایی ئاسمان و هێزی پاسەوانانی کەنارەکان، هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان بڵاوەیان پێکراوە لە پتر لە 100 بنکەی سەربازی، هەروەها هێزی دەریایی ئەمەریکا 11 کەشتی سەربازی زۆر زەبەلاحی هەیە کە بە کەشتی فڕۆکە هەڵگر ناسراون، بەردەوام ژمارەیەک لەوانە لەدەریا و ئۆقیانوسەکان بڵاوەیان پێکراوە و بەرپرسن لە پاراستنی زۆربەی ڕێڕەوە ئاویە بازرگانیەکانی جیهان.

3-دەسەڵاتی واژۆکررن یان ڤیتۆکردنی ئەو یاسایانەی هەیە کە کۆنگرێس دەریان دەکات، بەڵام هەر یاسایەک ئەگەر لە هەردوو باڵەکەی کۆنگرێس بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان تێبپەڕێنرێت ئەوا کۆنگرێس دەتوانێت ڤیتۆیەکەی سەرۆک لەسەر بڕیارەکە ڕەت بکاتەوە.

4- دەسەڵاتی ئەوەی هەیە داوا لە کۆنگرێس بکات دانیشتن بکات، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەی نیە کار لە دانیشتنەکانی کۆنگرێس بە هەردوو باڵەکەی بکات یان ئەو دانیشتانە ڕابگرێت، هەروەها دەسەڵاتی ئەوەی نیە کۆنگرێس هەڵبوەشینێتەوە.

5- دەسەڵاتی واژۆکردنی ڕێکەوتنی هەیە لەگەڵ ووڵاتان، ئەنجومەنی پیران تەنیا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامەکانی دەتوانێت دەستکاری ئەو ڕێکەوتنانە بکات یان ڕەتیان بکاتەوە.

6- لە دەسەڵاتی سەرۆکدایە دادوەرە فیدراڵیەکان کە گرنگترینیان دادوەرەکانی دادگای باڵان دەستنیشان بکات، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی پیران بە زۆرینەی سادە کە دەکاتە نیوە کۆ یەکی دەنگەکان ڕەزامەندیان لەسەر بدات دوای ئەوە سەرۆک دەسەڵاتی دامەزراندنی ئەو دادوەرانەی دەبێت.

7- دەسەڵاتی دروست کردنی کابینەی حکومەتی فیدڕاڵی هەیە و لە دەسەڵاتیدا هەیە کەسەکان دەستنیشان بکات بۆ ئەو پۆستانە و هەموو پۆستە باڵاکانی حکومەتی فیدڕاڵی بە پۆستە سەربازیەکانیشەوە وەکو سەرۆکی ئەڕکان و سەرۆکی بەشە جیاوازەکانی هێزە چەکدارەکان، دیسان دەبێت ئەنجومەنی پیران ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی یەکە بە یەکەیان بدات بەزۆرینەی سادەی دەنگ.

8- دەسەڵاتی دەرکرنی لێبوردنی هەیە بۆ تۆمەتباران بە تاوانە فیدراڵیەکان، واتە ئەو تاوانبارانە ناگرێتەوە کە لەلایەن دەسەڵات و دادگای ویلایەتەکان تۆماتبارکراون.