ئەمڕۆ ئەمریکا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت.. ترەمپ یان کامالا; کامیان دەبێتە سەرۆک؟

٥ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

هاوڵاتیاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن، لە هەڵبژاردنێکدا کە 244 ملیۆن ئەمریکی مافی دەنگدانیان تێیدا هەیە.

ئەمڕۆ (سێشەممە، 5-11-2024) کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بەکاتی کوردستان بنکەکانی دەنگدان لە ئەمریکا دەکرێنەوە، براوەی ئەو هەڵبژاردنە 4 ساڵ سەرۆکایەتیی ئەمریکا وەردەگرێت و رۆژی 20ـی کانوونی دووەم سوێندی یاسایی دەخوات.

ئەمە هەڵبژاردنی ژمارە 60ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە بۆ دیاریکردنی سەرۆکی ژمارە 47ـی ئەو وڵاتە.

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکانە و کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکانە، ئەگەر کامالا هاریس بیباتەوە، دەبێتە یەکەم ژنە سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا.

ململانێکان لەنێوان کۆماری و دیموکراتەکان لە کۆمەڵێک ویلایەتی یەکلانەبووەوەیە و ئەوان چارەنووسی سەرۆک دیاری دەکەن، کە پێکدێن لە ویلایەتەکانی: نیوهامشەر، مینیسۆتا، نیڤادا، میشیگن، پەنسلەیڤانیا، ویسکۆنسن، ئەریزۆنا، جۆرجیا، کارۆلاینای باکوور، فلۆریدا و تەکساس.