٣ تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
ڕافینیای بەڕازیلی، هێرشی کردە سەر چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری پێشووی بارسێلۆنا، یانەکە، بەهۆی ئەوەی چەند خولەکێک یاری پێکردووە و دەڵێت، ئەو ئاستە بەرزەی ئێستا پێشکەشی دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خولەکی زیاتر یاری دەکات.
ڕافینیای بەڕازیلی، لەم وەرزەدا لە ژێر دەستی فلیک بەشێوەیەکی زۆر جیاواز دەرکەوت، سەرنجی هاندەرانی بارسای ڕاکێشاوە بەهۆی درەوشاوەیی و کاریگەری لەگەڵ تیپەکە لەم ماوەیەی دواییدا.
ڕافینیا ماوەیەکی لەمەوبەر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "کاتێک چاڤی لەوێ بوو، دەمزانی لە خولەکی 60دا دەچمە دەرەوە".
وتیشی: "لە ماوەی ئەو 60 خولەکەدا هەوڵم دەدا هەموو شتێک بکەم، بەڵام بە هەر شێوەیەک بوبێت جێگرەوەم بۆ دیاری کرابوو".
ڕافینیای تەمەن 27 ساڵ، تا ئێستا لە ماوەی ئەم وەرزەی 2024/2025 لەگەڵ بارسێلۆنا بەشداریی لە 14 یاریدا کردووە لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا، لەو ماوەیەدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 گۆڵی دیکەی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
چاڤی دوای کۆتایی هاتنی وەرزی ڕابردوو 2023/2024 لە ڕاهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا ڕۆیشت و هانسی فلیکی ئەڵمانی لە شوێنی ئەو ڕاهێنەرایەتی یانەکەی گرتە ئەستۆ و تیپەکەش تا ئێستا ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات.
