٣١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
یانەی ئینتەرمیلان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ یەکێک لە ئەستێرەکانی واژۆ بکات.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ، ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی و شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئەوروپا ڕایگەیاندووە، ئیدارەی ئینتەرمیلان هەموو بەڵگەنامەکانی ئامادەکردووە بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ دێنزێل دامفریس، بەرگریکاری ڕاستی تیپەکە، کە تا مانگی حوزەیرانی 2028 درێژدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕاگەیاندنی درێژکردنەوەی گرێبەستی دامفریز هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، ئەگەر هەموو شتێک بەپێی پلانەکە بڕوات.
یاریزانە هۆڵەندییە تەمەنی 28 ساڵەکە لە هاوینی 2021ەوە درێسی ئینتەرمیلانی لەبەردایە، کاتێک لە یانەی ئایندهۆڤنەوە پەیوەندی بە یانەی ئینتەرمیلانەوە کرد.
دامفریس یەکێکە لە پایە سەرەکییەکان بۆ پلانەکانی ڕاهێنەری سیمۆن ئینزاگی.
یانەی ئینتەرمیلان وەرزی ڕابردوو توانی نازناوی خولی ئیتاڵیا بەدەستبهێنێت و لە ئێستاشەوە دەیەوێت ڕیزەکانی پتەوتربکات بۆ سەرجەم ڕکابەرییەکان.