کرۆس وردەکاری نوێ سەبارەت بە وازهێنانی لە تۆپی پێ ئاشکرا دەکات

٢٢ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

کرۆس، یاریزانی پێشووی یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، هەرگیز ڕۆژێک لە رۆژان بیری لە جێهێشتنی ڕیزەکانی یانەی شاهانە نەکردووەتەوە.

تۆنی کرۆسی ئەڵمانی، یاریزانی پێشووی ڕیال مەدرید، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ڕایگەیاند: "دوای سێ مانگ وازهێنان لە تۆپی پێ، ڕاستگۆیانە من باشم، هەرچەندە ژیان جیاواز بووە، بەڵام وەک پێشتر باشم و دڵخۆشم، پڕۆژەی سەرنجڕاکێشم هەیە و ژیانێکی زۆر باش دەژیم، ئەو ڕۆژەی ماڵئاواییم لە بێرنابیۆ کرد، لە ژیانی خۆمدا دەمێنێتەوە بۆ هەمیشە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "قورسترین شت بۆ من ئەوە بوو کە بە کارلۆ ئەنچیلۆتی و کوڕە گەورەکەم بڵێم وازدەهێنم بەڕاستی ئاڵۆز بوو، بەڵام هەموو شتێک لە ژیاندا کۆتایی هەیە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەک بە یەک بە هاوڕێکانی وتووە سەبارەت بە وازهێنانی لە تۆپی پێ، و بە شێوەیەکی شەخسی هەموو لایەکی ئاگادار کردووەتەوە، و لە هەمان کاتدا نەشیویستووە هەواڵەکە بڵاوبێتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "بەڕاستی ڕیاڵ مەدریدم خۆشدەوێت، ساتی ماڵئاواییکردن لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بۆ هەمیشە لە دڵمدا دەیهێڵمەوە".

سەبارەت بە هاتنی کیلیان ئێمباپێ و کاریگەری لەسەر بڕیارەکەی؟ دەڵێت: "ئەم بڕیارە پەیوەندی بە هاتن یان ڕۆشتنی هیچ یاریزانێکەوە نەبوو ئەمە بڕیاری خۆم بوو".

دەشڵێت: "بەڵی دەمزانی دێت و دڵخۆشم کە ئەو هات، چونکە دەکرا دوو ساڵ لەمەوبەر بێت لە کۆتاییدا هات، ئێمباپێ بەهیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر بڕیارەکەم نەبوو".

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "گفتوگۆکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم لەگەڵ ڕیال مەدرید لە 5 خولەک زیاتری نەخایاند، لەماوەی ئەم 10 ساڵە، لە یانەکەدا ساتێک نەبوو کە پێم وابێت دەمەوێت بڕۆم، هەرگیز ئەمە ڕووی نەدا، کەس لە یانەکەدا بە هیچ شێوەیەک گومانی لە کوالیتی من نەبوو".

تۆنی کرۆس، بەدرێژایی ژیانی وەرزشی 35 نازناوی لەگەڵ ئەو تیپانەدا بەدەستهێناوە کە یاری بۆ کردوون وەک جامی سوپەری ئەوروپا، جامی جیهانی یانەکان، و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش جامی جیهانی بردووەتەوە، چەندین پاڵەوانێتی ناوخۆیی بەدەستهێناوە.

کرۆسی، تەمەن 34 ساڵ، وازهێنانی فەرمی لە یاری تۆپی پێ ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لەگەڵ وڵاتەکەی بەشداری لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا یۆرۆی 2024دا کرد.

لە 30ی حوزەیرانی 2024 هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید وازی لە یاریکردنی تۆپی پێ هێنا و لەم ماوەیەدا دەنگۆی زۆر لەسەر یاریزانەکە و ئامادەنەبوونی یانەکە بۆ نوێبوونەوە بڵاوبووەوە بەهۆی دابەزینی ئاستی یاریزانەکە.