تۆتی دەگەڕێتەوە بۆ یاری تۆپی پێ

٢٢ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

تۆتی، ئەفسانەی پێشووی ئیتاڵیا ئاشکرایکردووە، لە ماوەی داهاتوودا سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراوی سەبارەت بە داهاتووی خۆی دەبێت، سەرەڕای وازهێنانی لە یاری تۆپی پێ.

فرانسیسکۆ تۆتی، ئەفسانەی پێشووی ئیتاڵی و ڕۆما، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ڕایگەیاند: "دان بەوەدا دەنێم تیپ هەیە لە خولی ئیتاڵیا پەیوەندی پێوەکردم، ڕێگەیان پێدام بیر لە شتێکی شێتانە بکەمەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: گەڕانەوەم دوای خانەنشینیم قورس دەبێت، بەڵام لە ژیاندا هەرگیز ناڵێی نا، یاریزان هەیە دوای ساڵانێک لە وازهێنان دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ خولی ئیتاڵیا، پێویستە زۆر بە باشی ڕاهێنان بکەم".

ئەفسانەی ڕۆما لە درێژەی قسەکانی وتی: "بەو ئاستەی ئێستای ڕکابەرییەکانی خولی ئیتاڵیا، دەبینم و دەتوانم بەردەوام بم لە یاریگادا".

وتیشی: "چەند کاتم پێویستە بۆ گەڕانەوە؟ دوو سێ مانگی تر دەتوانم یاری بکەم، لە ئیتاڵیا نەک لە دەرەوەی وڵات".

تۆتی تەمەن 48 ساڵ، لە ساڵی 2017 وازهێنانی لە یاری تۆپی پێ بە شێوەیەکی هەمیشەیی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی ژیانی وەرزشی بە تەواوی وەک یاریزانێک بۆ یانەی ڕۆما بەسەری برد.

تۆتی ئاشکرایکردووە، بیر لە پێچەوانەکردنەوەی بڕیاری وازهێنان و گەڕانەوەی بۆ یاریگای تۆپی پێ دەکاتەوە، دوای ئەوەی لەم دواییانەدا چەندین ئۆفەری لەلایەن هەندێک یانەوە پێگەیشتووە.

لە ئێستادا یانەی ناپۆلی بە کۆکردنەوەی 19 خاڵ پلەی یەکەمی خولی نایابی ئیتاڵیا 2024-2025ـی بەدەستهێناوە و بە دوو خاڵ لە پێش ئینتەرمیلانەوەیە کە لە پلەی دووەمدایە.