هەڤاڵ ئەبوبەکر: دەبێت بە زوترین کات لایەنەکان بگەنە ڕێکەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەت

٢١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، “دەخوازین بە زوترین کات وەڵامی ئیرادەو دەنگی ڕەوای هاووڵاتیان بدرێتەوەو لایەنەکان بگەنە ڕێکەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاووڵاتیسەنتەریی و مەدەنی”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “بەبۆنەی ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە هەموو ئێوەی بەڕێزو هەموو بەشداربووانی ئەم پرۆسەیە ڕادەگەیەنین، بە کرداریی و بەپێی یاساو ڕێکارە کارگێڕیی و ئارامیی و خزمەتگوزارییەکان؛ خۆمان بە خاوەنی ڕاستەقینەی بەرێوەچوونی ئەم پرۆسەیە لە سنوری پارێزگاکەماندا دەزانین”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “وەک چۆن لە ماوەی حوکمڕانیی و لە ماوەی بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و ڕۆژی دەنگدانیشدا؛ بەیەک دووریی بەرامبەر هەمووان وەستاین، (بەبەڵگەی ئەوەی براوە جیاوازەکان زۆرتر لەم پارێزگایەدان)، بۆ داهاتووش تا ئەو کاتەی ئێمە بەپێی یاسا لەم پێگەیەدا دەبین: بەو بێلایەنییەوە کە هەموو لایەک گەواهیی بۆ دەدات”

ئەوەشی خستەڕوو: “دەرگای پارێزگا (وەک لە ڕابردودا سەلماندومانەو بەڕەوایەتیی 241241 دەنگی فەرمیی و زیاتر لە 41600دەنگی نافەرمیی و بە دەنگی کۆی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی)؛ بۆ هەموو کەس و لایەک کراوە دەبێت و هاوکارو پشتیوانی هەموو کارێکی باش و یاسایی دەبین کە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێ.

ئاشکراشیکرد: “دەخوازین بە زوترین کات وەڵامی ئیرادەو دەنگی ڕەوای هاووڵاتیان بدرێتەوەو لایەنەکان بگەنە ڕێکەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاووڵاتیسەنتەریی و مەدەنیی و خزمەتگوزارو دادپەروەرو یاساسەروەر و تیوارو بەرپرسیار؛ کە لە ئاست بوون و ڕەسەنایەتیی و مێژوو خوێن و ژان و قوربانیدان و ڕەنج و تێکۆشان و وەفاو دەنگ و جوامێریی خەڵکی کوردستاندا بێ.