بارسێلۆنا نیگەرانە لەو ناوبژیوانەی دیاری کراوە بۆ یارییەکەی بەرامبەر بایرن میونشن

٢١ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەمڕۆ دووشەممە، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ناوی ئەو ناوبژیوانەی ڕاگەیاند کە یارییەکەی نێوان بارسێلۆنا و بایرن میونشن بەڕێوە دەبات لە ڕۆژی چوارشەممە، لە چوارچێوەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی یوفا ڕایگەیاندووە، سلاڤکۆ ڤینچیچ ناوبژیوانی سلۆڤینی یاری نێوان بارسێلۆنا و بایرن میونشن بەڕێوەدەبات.

ڤینچیچ پێشتر یەک یاری لەگەڵ بارسێلۆنا بەڕێوەبردووە، ئەویش لە وەرزی 2022-2023 بەرامبەر ئینتەرمیلان بوو لە یاریگای سان سیرۆ.

ڤینچیچ چەند بڕیارێکی دەرکرد، بووە هۆی ئەوەی چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری پێشووی بارسا بە توندی ناڕەزایی دەربڕی.

لە کۆتایدا بارسا بە گۆڵێک بەبێ وەڵام دۆڕا، دیارترین هگەڵەکان ئەوەبوو هەڵوەشاندنەوەی گۆڵێک و ڕەتکردنەوەی لێدانێکی سزا بوو بۆ بلاوگرانا.

لەلایەکی دیکەوە ڤینچیچ، سەرپەرشتی دوو یاری کردووە بۆ بایرن میونشن، یەکەمیان بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون بەرامبەر ڤیاریال کۆتاییهات، یاری دووەمیش بە ئەنجامی 3-0 لە بەرژەوەندی بایرن بوو بەرامبەر یانەی لازیۆی ئیتاڵی.