“تەقەی خۆشی” لە لایەنگرانی لیست و بەربژێرەکان قەدەغەکرا

٢٠ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

هەر یەکە لە ئاسایشی هەولێر و سلێمانی ڕایانگەیاند، “دوای كۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی تەقەی خۆشی”.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا بۆ هاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەكان ڕایگەیاند: “دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان لەشاری هەولێر و دەوروبەری بەشێوەیەکی هێمن و دوور لە هیچ گیر و گرفتێک ، بە مەبەستی خۆشی دەربڕین، بەهەموو شێوەیەک (تەقە) کردن قەدەغەیە و ڕێگە پێدراو نیە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “هەر کەسێک پابەند نەبێت و سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینە بەر و دەستگیر دەکرێت”.

ڕوونیشیکردەوە: “داواکارین لە هەموو لایەک پابەندی پاراستنی هێمنی و سەلامەتی هاوشاریانی خۆشەویست بن”.

لەلایەکی دیکەوە، ئاسایشی سلێمانی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: “سەرجەم لایەنگر و هەوادارانی کاندید و لایەنە سیاسیەکان ئاگادار دەکەینەوە هەرکەس و لایەنێک بەهۆی سەرکەوتنی لیستەکەیان یان کاندیدەکەیان خۆشیەکانیان بە تەقەکردن یاخود هەراسانکردنی هاوڵاتیان دەربڕێت دەستگیر دەکرێت”.