باڵیۆزی ئەمریکا بۆ هاوڵاتیانی هەرێم؛ دەنگدان ڕەنگدانەوەی ئیرادەتانە

٢٠ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ ڕۆژی دەنگدانە بۆ پەرلەمانی کوردستان و دەنگدان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکە."

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ڕۆژی دەنگدانە بۆ پەرلەمانی کوردستان، گرنگە بۆ هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن و دەنگی خۆیان بگەیەنن."

ئاماژەی بەوەشکرد: "دەنگدان بڕبڕەی پشتی حوکمڕانییەکی دیموکراتی سەرکەوتووە، هەروەها هانی گشت پارتە سیاسی و لایەنە بەرپرسەکان دەدەین، دڵنیایی بدەن کە دەنگدانەکە ئازاد و دادپەروەرانەیە و بەبێ توندوتیژی چاوترساندنە، دەنگدانەکە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکە."

ڕوونیشیکردەوە: "ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق، هەروەها پێکەوە کار لەسەر پێشخستنی هاوبەشییە گشتگیرە 360 پلەییەکەمان لەگەڵ گشت خەڵکی عێراق دەکەین، لەو نێوەندەشدا خەڵکی هەرێمی کوردستان."