١٩ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە میانی کۆبوونەوەی گشتی ئاسایی یانەکە کۆمەڵێک قسەی لەگەڵ ئەندامانی یانەکە کردووە سەبارەت بە کۆڕانکارییەکانی وەرزی ئێستا و هێنانی ڕاهێنەری نوێ.
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە لێدوانێکدا کە ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی تیشکی خستووەتە سەری دەڵێت: "ئێمە گرنگیمان بە لێدوانی هەندێک کەس نەدا، چونکە بڕیارماندا بوژانەوەی ئابوری یانەکە تەواو بکەین، ئێستا لە دۆخێکی باشداین پێگەمان زۆر باشترە بەراورد بە ساڵی 2021 کە تیایدا بووین".
دەشڵێت: "دەمەوێت هەوڵی ستاف و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە بەرز بنرخێنم، ئەوان بە بەهرە، زانیاری، کۆڵنەدان و بوێری، خۆیان خستووەتە خزمەتی یانەکەوە، کەسانێک هەن کە بە زەحمەت و بە باشی کاردەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد: "دەمەوێت پێزانینم هەبێت بۆ ئەندامەکان کە هەستێکی گەورەیان بۆ بارسێلۆنا نیشانداوە، یانەکە هی تۆیە و بارسێلۆناش تۆی خۆشدەوێت".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "زۆر دڵخۆشین بەو پێکهاتەیەی کە هەمانە، لاماسیا کاریگەرییەکی گەورەی هەیە، زۆر دڵخۆشین بە پابەندبوونی فلیک و کارەکانی دیکۆ، کە بلۆکی مووچەی 170 ملیۆن کەمکردەوە، بەمەش لێهاتوویی خۆی نیشان دا لە باشترکردن و نوێکردنەوەی پێکهاتەکەدا، ئەمەش بەهێزی ئێمە بۆ ئێستا و داهاتووی یانەکە دەسەلمێنێت"
لە کۆتاییدا وتیشی: "لەسەر ئاستی تیپی تۆپی پێ گرنگترین شت گۆڕینی ڕاهێنەر بوو، هەموو ڕێزێک بۆ چاڤی ڕاهێنەری پێشوومان کە کارێکی نایابی کرد، بەڵام هەستمان بە پێویستی کرد هەنگاوێکی دیکە بەرەو پێشەوە بنێین".