١٦ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، سبەی پێنجشەممە لیستی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێم بڵاودەکرێتەوە، هاوکات لەهەماهەنگیدا دەبین لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ چارەسەری تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردوو.
ئەمشەو 16-10-2024، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ماوەی سێ هەفتەیە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم لیستی مووچە و خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگەکانی ڕابردوو ڕاگیرابوون لە شاری بەغدادن و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگەکانی بوودجە و ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی زۆری کێشەکانی لیستی مووچەیان چارەسەر کردووە، کە خۆی لە تێبینیەکانی نەبوونی بایۆمەتری و ناوی هاوشێوە و کێشەی بایۆمەتری و وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان و کێشەی فەرمانبەرانی میلاکی حکومەتی هەرێم لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەبینێتەوە.
ئاشکراشیکرد، ڕۆژی چوارشەممە ( 16-10-2024) بڕی سەد و نۆ ملیار و شەشسەد و شەست و سێ ملیۆن و سێسەد و بیست و نۆ هەزار دینار وەك شایستەی ڕاگیراوی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران و تەمووز و ئاب و ئەیلوولی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ئەو مووچە خۆرانەی ناویان لە یەکچوو بوو لەگەڵ ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەتریان کێشەی تێدابوو خەرجکرا.
ڕوونیشیکردەوە، شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەغداد دەمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو مووچە ڕاگیراوانەی تر کە بریتییە لەمووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمن و لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەوام دەکەن، بەشێک لەدەرماڵەو سەرەمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران تا لە نزیکترین کاتدا ئەو شایستانەش خەرج بکرێن، بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی کە حکومەتی هەرێم لە مانگی تەمووزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەکەیانی جێبەجێکردووە بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ تەمویلی هاوتاکردنەکەی خەرج نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی ئەو پارەیەی لەئێستادا لە بەردەستی وەزارەتی داراییدایە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول نزیکەی ( 800) ملیار دینارە و بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئەیلول نزیکەی ( 997) ملیار دینارە.
جەختی لەوەشکردەوە، سبەی پێنجشەممە خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوول ڕادەگەیەندرێت و شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەغداد لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەهەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەسەری تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردوو.