پەیامێکی گرنگ لە تەیف سامیەوە لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم

١٣ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەک لە نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و تەیف سامی پێکهیندرا کە داوایکرد زانیاریی فەرمی لەبارەی پارەدارکردن و خەرجییەکانی پێ بدرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ورد بەدواداچوونیان بۆ بکات.

پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی و ئامادەبوونی ئەندامەکانی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری؛ بەڕێوەبەری گشتیی بودجە، سەرۆکی دەستەی گشتیی باج و سەرۆکی دەستەی گشتی گومرک کۆبوونەوە بۆ ئەوەی "گفتوگۆ لەبارەی سیاسەتی دارایی و میکانیزمی پارەدارکردنی بودجەی فیدراڵی بکەن".

ڕوونیشیکردەوە: "باسی لە گرنگی فرەسەرچاوەکردنی داهاتە نانەوتییەکان کرد، وەک رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی".

ئاشکراشیکرد: “گرنگی کۆبوونەوە لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ چاودێریکردنی داهات و دانانی پلان بۆ زیادکردنی، لەپاڵ هەڵسەنگاندنی رۆڵی ئەو فەرمانگەیانەی" کە داهاتی خۆیان دابین دەکەن”.

ئەوەشی خستەڕوو کە تەیف سامی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە: “شرۆڤەیەکی بۆ خشتەکانی بودجە و داهاتی نانەوتی کە بەشێکی بودجەی گشتی پێکدێنن، پێشكێشکرد"؛ هەروەها باسی لە داهاتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و "خەرجی و داهاتی پێشبینیکراوی کۆمپانیاکانی نەوت و کارەبا و کەرتەکانی دیکە کرد".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "لیژنەکە تاوتوێی داهاتی بەدەستهێندراوی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و میکانیزمی گواستنەوەی پارەکەی بۆ حکومەتی ناوەندی کرد".

جەختی لەوەشکردەوە: "لیژنەکە داوایکرد زانیاریی فەرمی لەبارەی پارەدارکردن و خەرجییەکانی پێ بدرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ورد بەدواداچوونیان بۆ بکات".