بەشێکی درامای کۆڵانەکانی پشتەوە بۆ دۆسیەی کوشتنی نارین گۆران تەرخان دەکرێت

١٣ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

رۆژنامەیەکی تورکی بڵاویکردووەتەوە، لە ئەڵقەی نوێی زنجیرەدرامای کۆڵانەکانی پشتەوە باس لە چیرۆکی کوشتنى نارین گۆرانی تەمەن نۆ ساڵ دەکات.

رۆژنامەی حورییەتی تورکی بڵاویکردووەتەوە، بۆ وێنەگرتنى بەشێکی زنجیرەدرامای کۆڵانەکانی پشتەوە، بەتایبەت لەکاتی گەڕان و پشکنین بۆ کەسی ونبوو یان کوژراو، ئەکتەرەکان لەگەڵ تیمی پسپۆڕدا کاریان کردووە و واش بڕیارە رۆژى هەینی ئەڵقە نوێیەکەی دراماکە پەخش بکرێت کە تایبەتە بە دۆسیەی نارین گۆران.

زنجیرەى کۆڵانەکانی پشتەوە یەک لە زنجیرە بەناوبانگەکانى تورکیایە کە ساڵانێکی زۆرە وەرزەکانی بەردەوامە و لە تورکیا و وڵاتانی دەرەوە بینەرێکی زۆرى هەیە، هاوکات کەناڵی NRT2، کاری دۆبلاژی کوردیی بۆکردووە و لەئێستاشدا، شەوانە کاتژمێر 08:00 لەسەر شاشەی ئەو کەناڵە پەخش دەکرێت.

ڕۆژی 9ی مانگی رابردوو، دوای 19 ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمی نارینی تەمەن نۆ ساڵان لە جۆگەیەکی نزیک ماڵی خۆیان لە دیاربەکر دۆزرایەوە.

لەسەر کوژرانی نارین 24 کەس دەستگیرکران کە بەشێکی زۆریان کەسوکاری نزیکی بوون. دۆسیەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە تورکیا بەدوای خۆیدا هێنا و هێشتا پرۆسەی دادگاییکردن لەبارەی دۆسیەکەوە بەردەوامە.

یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکان سالم گۆران، مامی نارینە لەگەڵ نەوزاد بەختیار کە درواسێی مامییەتی. دوای دۆزینەوەی تەرمی نارین لە 08-09-2024، نەوزاد بەختیار دانی بەوەدا نا تەرمەکەی نارینی لە تورەکەیەکدا لە رووبارێکدا فڕێداوە، ئەوەش لەسەر رێنمایی سالم گورانی مامی.

بەپێی وتەی نەوزاد بەختیار، نارین بە پەیوەندییەکی مامی و ژنێکی زانیوە و رەنگە لەلایەن ئامۆژنی یان دایکییەوە کوژرابێت، هاوکات بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، سالم گوران پەیوەندی نهێنی لەگەڵ دوو ژندا هەبووە لە گوندی چۆلێی ئامەد. لە دۆسیەکەدا دایک و برایەکی نارینیش دەستگیرکران.

بەگوێرەی راپۆررتی توێکاری-یش، نارین هیچ جۆرە دەستدرێژییەکی نەکراوەتەسەر، بەڵام شێوازی مردنەکەی بە خنکاندن لە قەڵەمدرا.