١٣ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، بۆنی گۆگرد لە ئاسمانی شاری بەغدا بڵاوبووەتەوە و بڕیاریشیدا بە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گشتی بۆ ئابووریی کاربون، لە پێناو باشترکردنی ژینگەی وڵاتەکە.
نازیر عەبود، راوێژکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە بەغدا بۆنی گۆگرد بڵاوبووەتەوە و کاریگەریی لەسەر تەندروستیی بەشێک لە هاوڵاتییان دروستکردووە و دووچاری تەنگەنەفەسی و چەند کێشەیەکی دیکەی تەندروستی بوون.
راوێژکارەکەی وەزارەتی ژینگە، هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو بۆنەشی گەڕاندەوە بۆ جۆری ئەو سوتەمەنییەی لە وێستگەکانی کارەبا بەکاردەهێنرێت.
وتیشی، ئێستا هەوای عێراق پیسبووە بەهۆی ئەوەی سووتەمەنیی بەردین لە بەشێک لە وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگە و کارگەکان بەکاردەهێنرێت.
نازیر عەبود راشیگەیاند، حکومەت زیاتر ساڵێکە کاردەکات بۆ باشترکردنی ژینگە، ئێستا سەرقاڵی دامەزراندنی کۆمپانیای کاربۆنە بە بەهای 10 ملیار دۆلار.