شارەوانی سلێمانی: چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیرانین بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا

١٢ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، “چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ گەڕاندنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەنددەبن، دەشڵێت؛ داوا دەكەین ئەنجومەن ناوەكانمان بۆ بگەڕێننەوە”.

لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “سەرجەم ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا تەواوكراون و چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ گەڕاندنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەنددەبن”.

ڕوونیشیکردەوە: “رەزامەندی دراوە بە دابینكردنی 13 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری سلێمانی بۆ دابەشكردنی بەسەر فەرمانبەراندا و هەزار و 755 كەس لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی سوودمەنددەبن”.

ئاشکراشیکرد: “هەموو شتێكمان ئامادەكردووە بەڕێوەبەرایەتییەكان سەرجەمیان ناوی فەرمانبەرانیان ئامادەكردووە و رەوانەی وەزارەتەكانی خۆیانیان كردووە و لەوێشەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەكرێنەوە، داوا دەكەین ئەنجومەنی وەزیران ناوەكانمان بۆ بگەڕێننەوە و دەست بە دابەشكردنی زەوی بكەین”.

باسی لەوەشکرد: “شوێنی دابەشكردنی زەوییەكان دەكەونە سنووری تاسڵوجە و تانجەرۆ و سۆتكەوە”.