٩ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
ڕاهێنەری ڕیال مەدریدی ئیسپانی، هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت، بۆ یارییەکانی داهاتووی ڕیال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ و خولی ئیسپانی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی تشرینی یەکەم، مەشق و ڕاهێنانەلانی ڕیاڵ مەدرید، شاهیدی بەشداریکردنی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی بوو، دوای ئەوەی لە یاری دێربی بەرامبەر ئەتلتیکۆ مەدرید لە پاڵەوانێتی خولی ئیسپانیا تووشی پێکان بوو.
پێشتر یانەی ڕیال مەدرید پشتڕاستی کردەوە کە تیبۆ کۆرتوای تووشی پێکان بووە لە ماسولکەی قاچی چەپیدا.
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ڕایگەیاندووە، تیبۆ کۆرتوا بەرەوپێش چوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە چاکبوونەوەی ئەو پێکانەی بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید لە خولی ئیسپانیا تووشی بوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یاریزانەکەی ڕیال مەدرید بۆ یاریەکەی بەرامبەر دۆرتمۆند لە چامپیۆنزلیگ و بارسێلۆنا لە خولی ئیسپانیا لە یاریگای بێرنابیۆ ئامادە دەبێت.
ڕۆژنامە ئیسپانییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە کۆرتوا ئەمڕۆ لە یاریگای ڕیال مەدرید مەشق و ڕاهێنانی تایبەتی ئەنجامداوە و هەروەها لە هۆڵی وەرزشیش ڕاهێنانی کردووە.
ڕیال مەدرید ڕۆژی 26ی تشرینی یەکەم، لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی خولی نایابی ئیسپانیا، کاتژمێر 10ی شەو بەکاتی هەولێر ڕووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە.