٩ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەبارەی ڕاگرتنی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 رایگەیاند، وەزارەتەکەیان بەرپرس نییە و بەرپرسانی هێزەکە خۆیان بەرپرسن.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: "ئەو خانەنشینانە هیچ دۆسیەیەکیان لە وەزارەتی دارایی نییە، دەمانەوێت ڕوونی بکەینەوە کێشەمان لەگەڵ ئەوان نییە، بەڵکو کێشەکە یاساییە و لەسەر بڕیاری دیوانی تیمی چاودێریی دارایی هەرێم و عێراق مووچەکانیان ڕاگیراوە".
سهبارهت به دواکەوتنی ناردنی مووچەش، وتەبێژی وەزارەتی دارایی وتی، ڕوونکردنەوەیان بە بەغدا داوە و چاوەڕێی ناردنی پارەن بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.
هونەر جەمال باسی لەوەشکرد، ئەم کێشانە هەن: "کێشەی ناوی دووبارە و لەیەکچوو هەبوون و ڕوونکردنەوەیان داوە، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمان هەیە، ئەوەی پەرلەمان لەسەر زیادکردنی چەند ناوێک مووچەیان بۆ نەهاتووە، بۆ ئەوەش ڕوونکردنەوە دراوە، کێشەی فەرمانبەرانی ناوچە دابڕاوەکانمان هەبوو، ئەویش ڕوونکردنەوەمان داوە".
وتەبێژی وەزارەتی دارایی ئهوهشى وت: "دوای ناردنی ڕوونکردنەوەی پێویست بۆ بەغدا، چاوەڕێین لەم چەند ڕۆژەدا ئەو گرفتانە چارەسەربکرێن و مووچەکان بێت".
کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70، کێشەیەکی کۆنە و مانگانە دووبارە دەبێتەوە، ئەو خانەنشینانە کە مووچە لە گەنجینەی دوو وەردەگرن، ژمارەیان نۆ هەزار و 75 کەسە، مووچەی مانگانەشیان سێ ملیار و 818 ملیۆن دینارە، هەروەها لە ساڵی 2013ـوە فەرمانیان هەیە کە ئەو خانەنشینانە دۆسیەکانیان بخرێتەسەر وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر بۆ وەزارەتی دارایی.