٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، ستایشی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەستێرەی پورتوگالی و گۆڵکاری یانەی نەسری سعودیە دەکات.
ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی، لە لێدوانێکدا کە لە ئەکاونتی فەرمی فابریزیۆ ڕۆمانۆ، پسپۆڕی مێرکاتۆ، لە تۆڕی ئێکس تیشکی خستۆتە سەری دەڵێت: "بە تەواوی درک بەوە دەکەم کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە درێژایی ژیانی وەرزشی چی بەدەست هێناوە و چۆن بەشداری کردووە لە داڕشتنی مێژووی تۆپی پێ بە تۆمارکردنی ریکۆردەکان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە لە مێژووی تۆپی پێدا بە چەسپاوی دەمێنێتەوە، لە تەمەنی 39 ساڵی نزیک دەبێتەوە لە 40 ساڵ و تا ئێستاش ئاستێکی باوەڕپێنەکراو نیشان دەدات.
ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش ڕووبەڕووبوونەوەی پورتوگال و پۆڵەندایە لە گەڕی سێیەمی یاریەکانی کۆمەڵەکانی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا کە بڕیارە شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردەی پورتوگال بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ لە پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەمی خولی نەتەوەکانی ئەوروپادایە، هەڵبژاردەی پۆڵەنداش بە کۆکردنەوەی 3 خاڵ لە پلەی دووەمدایە.