٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤
بایرن میونشن پێکانی سێ یاریزانی یانەکەی ڕاگەیاندووە، بەو هۆیەشەوە ئەو یاریزانانە ناتوانن لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان یاری بکەن لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا ئەوانیش دایۆ ئۆپامێکانۆ، ماتیس تیلی فەرەنسی و هاری کەینی ئینگلیزی.
یانەی بایرن میونشن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ستافی پزیشکی تیپەکە ڕایانگەیاندووە، دایو ئۆپامێکانۆ تووشی پێکان بووە لە ڕانیدا، دوای ئەوەی لە خولی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی ئینتراخت فرانکفۆرت بووەوە، هێرشبەر ماتیس تیلیش تووشی کێشەی شان بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی و دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی وڵاتەکەیان، ئەو دووانە ناچنە ناو هەڵبژاردەکەیانەوە.
لای خۆیەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا پێکانەکەی ئۆپامێکانۆی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ناوی لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسا دوورخراوەتەوە بۆ دوو یاری داهاتوی هەڵبژاردەکە لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا.
بایرن لە بەیاننامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، کەین تووشی کێشەی شان بووە، دواتر ڕاستەوخۆ لە فرانکفۆرتەوە بۆ کەمپی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا گەشتێکی کردووە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی پزیشکی بۆ بکرێت.
ئەو پشکنینانەی ستافی پزیشکی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ئەنجامیاندا دەرکەوت کە هاری کەین تووشی پێکانێکی سەخت نییە و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەمێنێتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بەرامبەر یۆنان و فینلاند یاری بکات.
کەین و ئۆپامێکانۆ نەیانتوانی یارییەکەی بایرن لەگەڵ ئەنتراخت فرانکفۆرتی میوانداری یانەکەی تەواو بکەن بەهۆی پێکانەوە، کە بە ئەنجامی 3-3 یەکسانبوو، لە پاڵەوانێتی خولی ئەڵمانی، هەروەها تیلیش توشی پێکان بوو.