کامالا هاریس: هەرگیز هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لەیاد ناکەین

٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤

بڵاویبکەرەوە لە

کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نابێت رووداوی هێرشەکەی سەر ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی رابردوو لەیاد بکرێت و رێگەش نادەن هەرگیز دووبارە ببێتەوە.

کامالا هاریس، کاندیدی ديموکراتەکان بۆ پۆستى سەرۆکایەتیى ئەمریکا و هاوسەرەکەی، لە ساڵیادی هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە واشنتن وەک رێزلێنان بۆ گیانی قوربانییانی ئەو رووداوە نەمامی یادەوەرییان روواند و بەڵێنیدا هەرگیز کۆڵنەدات لەهەوڵەکانی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی دۆخەکە و گێڕانەوەی بارمتەکان.

وتیشی، لەوپێناوەدا دەبێت کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری فەڵەستینییەکان و هاوڵاتییانی سیڤیلی غەززە کە لە ئازارێکی زۆردان.

جیگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، ئەمریکا وەک هاوڕێیەکی ستراتیجی و مێژوویی سەیری ئیسرائیل دەکات و پارێزگاریشی لێدەکات.

7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی هێرشێکی ئاسمانی و زەمینیی بۆسەر خاکی ئیسرائیل ئەنجامدا و بەهۆیەوە لانیکەم هەزار و 200 کەس گیانیانلەدەستدا و 251ی دیکەش بارمتەکران کە تاوەکو ئێستا کەمتر لە نیوەیان چارەنووسیان دیاربووە.